مارف بەرزجی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-15-12:44:00 - کۆدی بابەت: 3303
مارف بەرزجی

ناوه‌ڕۆك

مارف بەرزجی

١٩٢١ز-١٩٦٣ز

ناوی (مارف عەبدولکەریم)ـە، لە بنەماڵەی شێخ حەسەنی (قەرە چوارینە)یـە. لە مانگی شوباتی (١٩٢١) لەدایک بووە، لە تەمەنی منداڵیدا چووەتە قوتابخانە، پۆلی چوارەمی سەرەتایی لە قادرکەرەم خوێندووە، پاشان هاتۆتە کەرکوک، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە کەرکوک تەواوکردووە، لە ساڵی خوێندنی (١٩٤٤-١٩٤٥)ز لە کۆلیجی ماف وەرگیراوە و لە ساڵی (١٩٤٨)ز تەواویکردووە و بووە پارێزەر.
تێکۆشەرێکی ئازا و فیداکار و لەخۆبردوو بوو، لە زۆربەی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی ساڵانی (١٩٤٨-١٩٥٢-١٩٥٦)ز بەشداریکردووە. لەماوەی ژیانیدا دووچاری دەربەدەری و گرتن بووە.
لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمموزی (١٩٥٨)ز بە سکرتێری ئاشتیخوازانی شاری کەرکوک هەڵبژێردراوە. لەسەر داخوازی جەماوەر بە سەرۆکی شارەوانی شاری کەرکوک دامەزرێنرا، پاش مانگ و نیوێک بەهۆی ئاژاوە و هەراکەی کەرکوکەوە لە ساڵی (١٩٥٩)ز کە لە ڕۆژی ئاهەنگی یادی یەکەمی شۆڕشی چواردەی تەمموزەوە ڕوویدا، گیرا و درا بە دادگای عورفی و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. دوای کودەتای هەشتی شوباتی (١٩٦٣)ز، لە ڕۆژی ٢٣/٦/١٩٦٣ز لە سێدارەدرا و گیانی سپارد.

بەرهەمە ئەدەبییەکانی

بەرهەمە ئەدەبییەکانی شێخ مارفی شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس بریتیین لەمانە:

١-هۆنراوە: وەک شاعیرێکی ناسراو لە سەردەمی دەرچوونی گۆڤاری (هیوا، شەفەق، ڕووناهی) دواتریش ڕۆژنامەی (ئازادی) دەرکەوتووە و هۆنراوەکانی بڵاوکردۆتەوە.

٢-وتار: دوو جۆر وتاری نووسیوە:
ئـ- وتار لەسەر ئاشتی و دیموکراسی.
ب- وتاری ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی: ڕەخنەگرێکی هەڵکەوتوو بوو، کۆمەڵێک وتاری ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی نووسیوە و لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان بڵاوی کردۆتەوە.

٣-چیرۆک: چیرۆکنووسێکی بەتوانا بووە، چەند کورتە چیرۆکی نووسیوە، وەک: (ئاواز و کەباب، گای پیرۆز، شەتڵ، جەژنێکی شادی، نامەی سەرسنور، سەرلەبەیانی نەورۆزێک).
شێخ مارف ڕووناکبیرێکی چالاکی سەردەمەکەی خۆی بوو، زمانی عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی زانیووە، گەلێک بابەتی کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و سیاسی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
لە مەیدانی ڕۆژنامەگەریدا وەک ڕۆژنامەنوسێکی شارەزا ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری شەفەق بوو.
شێخ مارف بەرهەمەکانی بە ناوی (پشکۆ) یان (شوان) بڵاوکردۆتەوە.
لە ساڵی (١٩٩٣)ز بەرهەمەکانی کۆکراونەتەوە و لە کتێبێکدا چاکراون بە ناوی (سەرجەمی بەرهەمەکانی مارف بەرزنجی شەهید).

نموونەیەک لە بەرهەمەکانی

ئەلف و یێ

لە ئەلفەوە تا یێ، هەموو شتێکی لێپێکدێ، نامانەوێ هەر بە وتن بێت بەڵکو کردارمان ئەوێ، لەم دەرگایەوە لە گیر و گرفتی گوزەرانی ژیانمان دەدوێیین:

ئا- ئاو: کە مایەی ژیانە گەلێ ژار ئەبێ بە هۆی زیان، وەک لافاو، ئەڵێن دەریای دەستکردمان بۆ دروست ئەکەن، یەک لە دەربەندیخان، ئەوی تری لە دوکان. وڵاتەکەمان ئەمەی کەم بوو بۆ سەیران و ڕابواردن، بەڵام بەراوە خواکردەکانی شارەزوور و بتوێن و ڕانیەمان ڕۆ. دیارە بوون بێ چوون نابێ. کە دەریامان بوێ ئەبێ بەراومان بچێ. جا بروانە ئاوی چاوی خاوەن بەراوەکان کە روویان ئەکا بە بەراو، داخەکەم ئاوەکە سوێرە، ئەترسم شەکری کارخانە دەسپێنەکراوەکەی شارەزووریش بەر ئاو بکەوێ.

ئاگر: کە ئاومان وت ئەبێ ئاگریش بڵێین، یادی بەخێر و ئاگری خەڵووز و گڕی دابەڕوو بە هەرزان دەستمان ئەکەوێ، بەڵام ئێستا عەلادینمان لێ بووە و بە چرای عەلادین، ڕووی بەفر سپی بێ ئەگینا چەقەی ددان وەک دەنووکی لەقلەقی بەهار وا ئەبوو. وابزانم بەفر هەر بەشی کوردستانی ئێرانمان ئەکا. وەک بووبێ بە کفنی کەس و کارە لەناوچووەکانمان بەدەس بوومەلەرزە و سەرماوە.

ئاسایش: کە ئاو و ئاگر هەبوو پێویستی ئاسایشن، بێ ئەم، ئاگر ئەبێ بە ئاگری ژیان، ئاویش بەروبوومی ڕەنج و کرداری هەمووان ئەبا، لە خۆرهەڵاتەوە تا خۆئاوا ئەڵێن ئاسایش
کوردیش ئەڵێ: (شەڕ مەکەن و بێ داواش دامەنیشن).

ب- بێ: ئەگەر بۆم بێ، یا بۆم بهاتایە وا نەئەبووم، زۆر کەس وا ئەڵێ، بابا گوڕگوڕ یاخوا هەر گڕ بێ و گوڕەی بێ، نەوتەکەی خوێنی گەشی ژیانمانە بیانیی جاومانە، بێ ئەو دنیامان تاریک و ماڵمان وێرانە.

برادەر: زۆرترین برادەری ئەمڕۆ هەر زمانییە، تا لە ڕووبن برادەرن، پاشملەی یەکتری شتی ترن، یا هەر برادەری پۆکەرن، خۆزگە بێ درۆ و دوو ڕوویی، لەسەر بناغەیەکی ڕاستی و پاک برادەرایەتیمان پێکدەهێنا، ئەوسا ئەماندی برادەر لە برا باشترە.

ت- ترس: خەریک بووم بنووسم ترس باش نییە، بەڵام چاک بوو زوو دەستم گرتەوە و بیرم کەوتەوە، کە دەردی ئێمە نەترسانە ترسان نییە.
خوانەخواستە ناڵێم نەترسانەکەمان لە سەرچاوەیەکی ئازایەتییەوە هاتووە، بەڵکو نەترسانەکەمان مناڵانەیە، گەلێ جار ئەگاتە ڕادەیەک لەوانەیە ناونیشان و شوێن و شێوەمان لەناوبچێت و بسرێتەوە و گەلێکمان لەبەر پێنەزانین پێچاکە.بۆیە ئەمەوێت بڵیم: براگەل بترسن، ترسان زۆر کەڵکی هەیە. ئەگەر ترس نەبێ قوتابی کۆشش ناکا و لە تاقیکردنەوەدا سەرناکەوێ، هەروەها لە ترسی برسێت نەبێ کەس فرمان ناکا، میللەتێکیش لە نەمان و لەناوچوونی خۆی نەترسێ ناکەوێتە هەولی خۆپاراستن و بەهێزبوون و پێشکەوتن، لەهەموو کەس زۆرتر کورد ئەبێ بترسێ، پیویستە لە هەموو خشەیەک راچڵەکێت، چونکە ماران گازە.

ح- حکوومەت: وەکو (ژن ژاک ڕۆسۆ) ئەڵێ: ئەو دەسگایەیە کە دەڵێن لە سەرەتادا خەڵک بە ئارەزووی خۆیان بۆ پارێزگاریکردنی ژیان و ماڵ و سەربەستییان دایانمەزراندووە، کەچی لە پاشاندا ئەو بە ئارەزووی خۆی لە گەلێ شوێندا خەڵک لێئەخوڕێ. لە ڕاستیدا ئەبێ هەموو ئامانج و تێکۆشانی حکومەت بۆ کامەرانی و خۆشگوزەرانی خەڵک بێ و بەیەک چاو سەیری هەمووان بکا. کە ئەو ئامانجەی لەبیر کرد و بوو بە بەردی سەر رێگای پێشکەوتنی خەڵک و دڕک و ئازار بۆ ژیانیان، وەیا چینێک بۆ چینێ چەوسانەوە، ئەوسا شایانی ئەوەیە ئە دەسەڵاتەی لێ بستێنرێتەوە و بدرێ بە دەستەیەکی راست و دڵسۆزتر بۆ خەڵک.

د- دەرد و دەرمان و دەستی بێگانە: خەواڵووی وامان هەن هێشتا خەو بەوەوە ئەبینن کە لەناکاوا بێگانە بێ دەردی دەورەمان تیماربکا، کورد ئەڵێ: (دەستی بێگانە هەر بۆ مار گرتن باشە). وە هەر کەسێک دەستی بۆ دەمی خۆی نەباو هەرکەسێکیش بەهیوای کاسەی ماڵ هاوسێ بێ، بەبێ شێو سەر ئەنێتەوە. کەوابوو هەر ئەبێ بەهیوای دەستی خۆمان بین بۆ تیماری برینەکانمان، بەڵام کوا ئەو دەستە دڵسۆزە بەهێزە نە لەرزۆکە تا لە دەستە گۆج و لەرزۆک چەپەڵەکان ڕزگارمان کا؟

ڕ- ڕێگا: هەموو شتێک ڕێگای هەیە، کەون، ئاسمان، ژیان، زانست، سیاسەت، جەنگ، ئاشتی، ڕۆژنامەچێتی، ڕزگاری ئەمانە هەموو لەسەر دەستووری تایبەتی بەندە بۆ دۆزینەوە و لێگەیشتن و پێگەیشتنی ڕێگای تایبەتی خۆی.
ئادەمیزاد بەپێی پیویستی داماوی خۆی لەگەڵ شوێن و کات و پەلئ پیشکەوتنیا ئەم رێگایانە یەک لە دوای یەک ئەدۆزێتەوە بۆ کامەرانی خۆی بەڵام ئەو ڕێگایەی ئادەمیزاد بڕیویەتی لە پێناوی ڕێگا دۆزینەوەدا زۆر دوور و سەختە، بەناو لافاوی خوێن و عارەقا، بەسەر بەر دەبازی ملیۆناها کەللەی مرۆڤی لەپێناوچوودا، گەیشتۆتە ئەمڕۆمان. بۆ دۆزینەوە ڕێگا، ڕێگای هەر شتێک، یا بڵێین ئاشتی، یا ئازادی، یا نزیککردنەوەی هاتووچۆ، پێویستی چەند مەرجێکن، ئەبێ ژیانمان گەیشتبێتە ڕادەیەک، داماوی دۆزینەوەی ئەو ڕێگایە بین، وەک گوتویانە داماوی و پێویستی دایەی دۆزینەوە، تا زۆرترین خەڵک ئاخ و ئۆف و خۆزگە خواستی بۆ شتێک بیر ناکەوێتەوە کار بۆ دەستخستنی.


سەرچاوەکان



1552 بینین